نەعیم قاسم: شەڕی حزبوڵڵا بەندە بەوەی لە ئێران روودەدات
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، رایگەیاند، شەڕی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان دژی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە شەڕ و بارودۆخی ناو ئێرانەوە هەیە، هاوکات پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارانی ناوخۆیی حزبەکەی کرد و گوتی: "لە پشتەوە خەنجەرمان لێ مەدەن."
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی داگیرکاریی ئیسرائیل بەردەوام بێت، بەرگری مافێکی رەوایە، من هەڵسەنگاندن بۆ دەوڵەتی لوبنان ناکەم و پێیان ناڵێم سەبرمان سنووری هەیە، بەڵکو دەڵێم کێشەکە لای داگیرکارە نەک لە پرسی چەکدا". هاوکات هێرشی کردە سەر بڕیارەکانی حکوومەتی لوبنان بۆ سنووردارکردنی چەک و گوتی "ئەو هەنگاوانە هێزی لوبنانیان لاواز کردووە."
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ئاشکرای کرد، "لە سەرەتای دەستپێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا، 500 ئەندامی حزبوڵڵا کوژراون". هەرچەندە رەتی کردەوە مووشەکەکانی حزبوڵڵا هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکە بن، بەڵام هەنگاوەکانی حزبی وەک "تۆڵەکردنەوە بۆ تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران" وەسف کرد، هەروەها حکوومەتی لوبنانی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەڵەیەکی گەورە دەکات و لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاراستەیە."
نەعیم قاسم جەختی لە دروشمە هەمیشەییەکانی حزبەکەی کردەوە و گوتی: "بەرگری و چەک دەمێننەوە و خاوەندارێتی چەک مافێکی ڕەوایە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوسەنگی هێز لە نێوان ئێمە و ئیسرائیلدا نییە، بەڵام بۆ مێژوو دەجەنگین"، هاوکات مەرجی بۆ حکوومەتی لوبنانیش دانا کە "دەبێت بەرگری لە بەرگری (المقاومة) بکات."
سەبارەت بە ئاوارەکانیش، نەعیم قاسم گوتی: "ئێوەیان ئاوارە کرد بۆ ئەوەی دووبەرەکی بخەنە نێوانمان، بەڵام ئێوە بەڕێزترین خەڵکن"، هاروەها داواشی لە حکوومەت کرد کە بەرپرسیارێتی ئاوارەکان بگرێتە ئەستۆ".
هاوکات لەگەڵ ئەم وتارەدا، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، لەوانە زاحیەی باشووری بەیرووت و شاری بەعلبەک، ئەم هێرشانە دوای هۆشدارییە بەپەلەکانی ئیسرائیل هات بۆ چۆڵکردنی دەیان شارۆچکە و گوند لە باشووری لوبنان.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بەعلبەک، 6 کەس کوژراون و 15ـی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی جەبەل لوبنان و بەعلبەک، 11 کەس کوژراون و 23 کەسیش بریندار بوون.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی لێکەوتووەتەوە، بەجۆرێک ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لەسەر کەناراوەکانی (کۆڕنیش)ی بەیرووت نیشتەجێ بوون، دوای ئەوەی ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بە 150 گوند و شارۆچکە دابوو.