درۆنەکانی سەر هەولێر هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە

کاتژمێر 7:45 خولەکی ئەمشەو چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، دەنگی چەندین تەقینەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر بیسترا کە بەهۆی پووچەڵکردنەوەی ژمارەیەک مووشەک و درۆن لە ئاسمانی شارەکەدا بوو. پاشماوەی ئەو درۆن و مووشەکانە لە چەند گەڕەکێکی هەولێر و لەوانەش گەڕەکی عەنکاوە کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی زۆریان بە باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.

بەپێی زانیارییەکان پەیامنێری کوردستان24 ئەو درۆن و مووشەکانەی لە ئاسمانی هەولێر تێکشێندراون پارچەکانیان بەسەر چەند گەڕەک و ناوچەیەک کەوتوون بەتایبەتی لە گەڕەکی 108 عەنکاوە، پاشماوەی ئەو تەقەمەنییانە بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلی خەڵک کەوتوون.

زیانەکان تەنیا ماددی بوون و هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام شووشەی پەنجەرەی ماڵەکان شکاون و چەندین ئۆتۆمبێل کە لەبەردەم ماڵەکاندا ڕاگیرابوون.

خاوەن ئەو ماڵەی زیانی پێگەشتبوو بە کوردستان24 گوت: پەنجەرەکان و پەنجەرەی ژووری تەنیشتم هەمووی شکان، من ویستم بنووم کە دەنگەکە هات، بەڕاستی زۆر ترسام و دەنگەکە زۆر بەهێز بوو، وەک جەنگی ئێران و عێراق وابوو.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی نیشتەجێی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکە باسی لەوە کرد، لەم باڵەخانەیەدا زیاتر لە 35 خێزانی کریستیان دەژین، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی ئەمشەو زیانێکی زۆر بەر نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکە کەوتووە، ئێمە حەوت ساڵە لێرە دەژین و ئەم هێرشانە ترسێکی زۆریان بۆ دروست کردووین.