مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هۆشداریی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێکی ئەوروپی بەشداریی لەو هێرشانەدا بکات گرووپەکە بە "دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران" ناوی دەبات، بەرژەوەندییەکانیان لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەر جۆرە بەشدارییەکی ئەوروپا لەم ململانێیەدا، ئەو وڵاتانە دەخاتە لیستی دوژمنانی گەلەکەمان و پیرۆزییەکانمانەوە." لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ واشنتن و تەلئەڤیڤ هەوڵی کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانیان دەدەن و دەیانەوێت پاڵپشتی ئەوروپا بۆ بەرەیەکی شەڕی فراوانتر بەدەستبهێنن.

گرووپە چەکدارە هۆشداری داوە دەستوەردانی وڵاتانی ئەوروپی بێ وەڵام نابێت و دەبێتە هۆی ئەوەی لیستی ئامانجەکانیان فراوانتر بکەن و هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانەش بگرێتەوە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن.

ئەم هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیار و پڕ لە گرژیدایە. بەتایبەت دوای ئەو زنجیرە هێرشانەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستی پێکرد و کاردانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە، بەهۆیانەوە ئاستی پێکدادانەکان لە نێوان تاران و بەرەی (واشنتن - تەلئەڤیڤ) گەیشتە قۆناخێکی مەترسیدار.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق وەک چەترێک بۆ چەندین گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران کاردەکات، لە ماوەی رابردوودا چالاکییەکانی چڕتر کردووەتەوە و بەرپرسیارێتی چەندین هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر ئەو شوێنانە گرتووەتە ئەستۆ کە بە بنکەی دوژمن لە عێراق و سووریا و ناوچەکە ناویان دەبات.