وەزارەتی بەرگریی سعوودیە تێکشکاندنی درۆنێکی ئێرانی راگەیاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە رایگەیاند؛ هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە توانیویانە درۆنێکی ئێرانی تێکبشکێنن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتەکە، درۆنەکە لە ئاسمانی ناوچەی "جەوف" لە باکووری وڵاتەکە بینراوە و لە لایەن سیستمە بەرگرییەکانەوە لە رۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیە رێگری لێکراوە و پێش پێکانی ئامانجەکەی، بە تەواوی لەناو براوە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سعوودییە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، توانیویانە سێ مووشەکی جۆری "کرووز" لە دەرەوەی شاری خەرج دەستنیشان بکەن و تێکیان بشکێنن.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی "تەسنیم" هەواڵی روودانی تەقینەوەی گەورەی لە بنکەیەکی دەریایی ئەمریکا لەناو خاکی سعوودییە بڵاو کردەوە.
ئاژانسە ئێرانییەکان بەبێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر ئاماژەیان بەوە داوە کە "تەقینەوەی گەورە بنکەیەکی دەریایی ئەمریکای لە سعوودییە هەژاندووە".
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.