سوپای ئیسرائیل: 300 سیستەمی بەرگریی و سەکۆی هەڵدانی مووشەکی ئێران لەناو براون

(وێنە؛ ئەرشیف)
(وێنە؛ ئەرشیف)

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل نوێترین زانیاری لەسەر پێشڕەوییەکانی وڵاتەکەی لە ناو خاکی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر" پێی ناوەتە پێنجەمین رۆژی خۆیەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل روونیکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەوە، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران هەڵوەشێنێتەوە، لەوانە سیستەمی مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمان و چەندین ئامانجی سەربازیی دیکە. 

بەگوێرەی گوتەکانی گوتەبێژەکە، تا ئێستا نزیکەی 300 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆی هەڵدانی مووشەکی بالیستی ئێران لەناو براون. تەنیا لە ناو تاراندا، فڕۆکە جەنگییەکان زیاتر لە 220 ئامانجی جیاوازیان پێکاوە.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێرشەکان تەنیا بنکە سەربازییەکان نین، بەڵکو ئەو شوێنانەشی گرتووەتەوە کە پەیوەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ستراتیژی. هاوکات، پڕۆسەی "لەناوبردنی ئامانجدار" بۆ چەند سەرکردەیەکی دیاری رژێمی ئێران ئەنجامدراوە کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان شوێنپێیان هەڵگیراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، "دوێنێ چوارشەممە، کۆمەڵگایەکی سەربازییان لە ناوچەی "سافاریە" لە رۆژهەڵاتی تاران بۆردومان کردووە. ئەم شوێنە وەک بارەگایەک بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل و سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ناوخۆ بەکارهاتووە."

هەروەها جەختی کردەوە، بارەگای "یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی فەیلەقی قودس کراوەتە ئامانج، کە بەرپرسیارە لە دابینکردنی بودجە و گواستنەوەی چەک بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

سوپای ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە، ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر" تاوەکو بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکان و نەهێشتنی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.