ئێران: رێز لە سەروەریی خاکی تورکیا دەگرین
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێز لە سەروەریی وڵاتی تورکیا دەگرن وەک وڵاتێکی دراوسێ و دۆست، و هەر جۆرە دەنگۆیەک سەبارەت بە هاویشتنی مووشەک بەرەو خاکەکەی بەتەواوی رەت دەکەینەوە."
دوێنێ چوارشەممە، 04ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و بەرەو ئاسمانی تورکیا دەهات، پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تێکشکێندراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مووشەکەکە دوای ئەوەی ئاسمانی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریای بڕیوە، ئاراستەکەی بەرەو ئاسمانی تورکیا دیاری کراوە. دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرن، بەرپەرچ دراوەتەوە و لەکارخراوە.
سەبارەت بەو پارچە مووشەکەی کە لە قەزای دۆرتیۆڵی سەر بە پارێزگای هاتای کەوتووەتە خوارەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا روونیکردووەتەوە؛ دوای ئەوەی هەڕەشەکە لە ئاسماندا لەناوبراوە، دەرکەوتووە کە ئەو پارچەیە پاشماوەی مووشەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بووە نەک هی موشەکە هێرشبەرەکە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، رووداوەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە.