لە ئێران، ژمارەی بریندارانی جەنگ 6 هەزار کەسی تێپەڕاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، سەرۆکی دەستەی فریاکەوتنی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم'ی رایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 348 منداڵ و مێرمنداڵ لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون، کە 39یان تەمەنیان لە خوار 5 ساڵەوەیە.

سەرۆکی دەستەی فریاکەوتنی ئێران لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتی بریندارانی جەنگ 6 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لە ئێستادا دووهەزار و 500 بریندار لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

لای خۆیەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، تا ئێستا نزیکەی 300 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆی هەڵدانی مووشەکی بالیستی ئێران لەناو براون. تەنیا لە ناو تاراندا، فڕۆکە جەنگییەکان زیاتر لە 220 ئامانجی جیاوازیان پێکاوە.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێرشەکان تەنیا بنکە سەربازییەکان نین، بەڵکو ئەو شوێنانەشی گرتووەتەوە کە پەیوەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ستراتیژی. هاوکات، پڕۆسەی "لەناوبردنی ئامانجدار" بۆ چەند سەرکردەیەکی دیاری رژێمی ئێران ئەنجامدراوە کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان شوێنپێیان هەڵگیراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، "دوێنێ چوارشەممە، کۆمەڵگایەکی سەربازییان لە ناوچەی "سافاریە" لە رۆژهەڵاتی تاران بۆردومان کردووە. ئەم شوێنە وەک بارەگایەک بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل و سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ناوخۆ بەکارهاتووە."

هەروەها جەختی کردەوە، بارەگای "یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی فەیلەقی قودس کراوەتە ئامانج، کە بەرپرسیارە لە دابینکردنی بودجە و گواستنەوەی چەک بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

سوپای ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە، ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر" تاوەکو بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکان و نەهێشتنی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.