ئێران کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکی بۆردومان کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکایان لە باکووری کەنداو کردووەتە ئامانج و پێکاویانە، بەهۆی بۆردومانەکەوە ئاگر لە کەشتییەکە بەربووە و دەسووتێت.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە گەرووی هورمز، سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە کاتی شەڕدا تێپەڕبوون و هاتوچۆکردن بە گەرووی هورمزدا بە تەواوی لە دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئێمەدا دەبێت"، هەروەها جەختی کردەوە، هیچ کەشتییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆیان نییە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، بەپێچەوانەوە راستەوخۆ هێرشیان دەکرێتە سەر.
لە هەمان کاتدا و پەیوەست بە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی ئێرانی بڵاویکردەوە کە هێزی دەریایی ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە، کۆگاکانی سووتەمەنییان لە بنکەی سەربازی 'رامات دەیڤید'ی سەر بە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە وردی چاودێریی سەرجەم جوڵەکانی سەر سنوورەکان دەکەن و بەڵێنی دا کە هەموو پیلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەکرێگیراوەکانیان پووچەڵ دەکەنەوە.