عێراقچی: ئەمریکا هێرشی کردە سەر کەشتییەکمان بە 130 دەریاوانەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکیان کە 130 دەریاوانی تێدا بووە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رایگەیاند، "ئەمریکا تاوانێکی گەورەی لە دەریا و لە دووری 2000 میل لە کەناراوەکانی ئێران ئەنجام داوە".
عێراقچی لە وردەکاری رووداوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "کەشتی جەنگی دێنا، وەک میوانی هێزی دەریایی هیندستان و بە نزیکەی 130 دەریاوانەوە، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک کراوەتە ئامانج".
عێراقچی هۆشداری دا و گوتى، "ئەمریکا بە توندی لەو پێشینەیە پەشیمان دەبێتەوە، چونکە ئەم جۆرە رەفتارانە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە".
سەرەڕای پۆستەکەی عەباس عێراقچی، تا ئێستا پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەم تۆمەتە بڵاو نەکردووەتەوە.