ئه‌مشه‌و کۆنگرێس نه‌نووست بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كلایی بكاته‌وه
رووداوه‌كه‌ی دوێنێ ئێواره زۆرێك له‌كاری سیناتۆری كۆماریی و دیموكراته‌كانی یه‌كخسته‌وه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
دوای چه‌ند سه‌عاتێك له هێرشی گرووپی پرۆ-تره‌مپ بۆ سه‌ر كاپیتال له ئێواره‌ی 6ی كانوونی دووه‌می 2021،كاتژمێر 8ی ئێواره پاش كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی كه‌پیتاڵ له لایه‌ن گاردی نیشتمانی و پۆلیس و كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌وادارانی تره‌مپ، كۆنگرێس ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرده‌وه بۆ په‌سه‌ندكردنی بردنه‌وه‌ی جۆو بایدن سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌وه‌ی كه بووه جێگه‌ی قسه‌كردنی دووه‌م دانیشتنی دوای رووداوه‌كان، جه‌ختكردنه‌وه بوو له دیموكراسی له ئه‌مه‌ریكا و هیچ كه‌س دوژمنی یه‌كتر نییه.
د‌یڤید ئۆو مالی، سكرتێری رۆژنامه‌وانی مایك پێنس له تویتێكدا وتی: "ئه‌و هه‌رگیز كاپیتال-ی جێنه‌هێشتبوو" باسی له‌وه‌شكرد كه راسته‌وخۆ كاتژمێرێك دوای رووداوه‌كه مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوای كرد كه درێژه به دانیشتنه‌كه‌ی كۆنگرێس بدرێت".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له ده‌ستپێكدا وتی: "هه‌میشه متمانه‌مان به به‌رگریكردنی پیاوان و ژنانمان هه‌یه له‌م شوێنه مێژووییه. ئه‌وانه‌ی كه ئه‌مڕۆ هێرشیان كرده سه‌ر بینای كاپیتاڵ هیچ براوه نین، توندوتیژی هه‌رگیز نایباته‌وه، ئازادی ده‌یباته‌وه، تا ئێستا ئه‌مه ماڵی گه‌له".
وتیشی: "ئێمه ئیدانه‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ین. جێگه‌ی داخه كه‌سێك له‌م شوێنه پیرۆزه‌دا كوژراوه، ئه‌وانه‌شی بوونه‌ته ئاژاوه یاسا به سزای خۆیان ده‌گه‌یه‌نێت".
دواتر ده‌رگای گفتوگۆ كرایه‌وه، به‌شێكی زۆری سیناتۆره‌كان قسه‌ی خۆیان كرد. یه‌ك له‌وانه لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییه‌كان به‌ئاشكرا په‌شیمانی له دۆخه‌كه ده‌ربڕی و وتی: "تره‌مپ و من له گه‌شتی دۆزه‌خدا بووین. من رقم لێیه‌تی و كۆتایی به‌م رێگه‌یه ده‌هێنم. ئه‌ی خوایه، من رقم لێیه‌تی.. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو ده‌توانن من بكه‌نه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ژماركردنه. ته‌واو ته‌واوه. من هه‌وڵده‌ده‌م كه یارمه‌تیده‌ر بێت". له‌كۆتاییدا وتیشی: "جۆو بایدن و كامالا هارس به‌شێوه‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژێردراون و له 20 جێنیوه‌ری ده‌بن به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا".
رووداوه‌كه‌ی دوێنێ ئێواره زۆرێك له‌كاری سیناتۆری كۆماریی و دیموكراته‌كانی یه‌كخسته‌وه و له كاتژمێر 10:45ی دوێنێ شه‌و به كاتی واشنتۆن پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌ستیپێكرد. سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تیكرده‌وه لاری هه‌بێت له بردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو جۆو بایدن بن له ویلایه‌تی ئاریزۆنا.
دوای ئه‌وه‌ی كه ئه‌ریزۆنا یه‌كلایی بۆوه، كۆنگرێس به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی كه كێشه‌یان له‌سه‌ره.
تا سه‌عات 1ی شه‌و به‌رامبه‌ر 9ی به‌یانی به كاتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیران به‌رده‌وام بوو بۆ دانپێدانان به جۆو بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.