ئازەربایجان: پێویستە ئێران داوای لێبوردن بکات
ئازەربایجان ئێران بە هێرشی درۆن تۆمەتبار دەکات و داوای روونکردنەوەی بەپەلە لەو وڵاتە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،5ـی ئاداری 2026، حکوومەتی ئازەربایجان ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئاراستەی ناو خاکی وڵاتەکەی کردووە، کە بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
لەسەر ئەو ڕووداوە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باکۆی پایتەخت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجانەوە بانگهێشت کراوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە درۆنەکان لە فڕۆکەخانەیەکی هەرێمی "ناخچیڤان" لە نزیک سنوورەکانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا درۆنی دووەم لە نزیک قوتابخانەیەک کەوتووە.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و داوای لە تاران کرد روونکردنەوەی بەپەلە لەو بارەیەوە بدات و هەروەها جەختی کردەوە کە ئازەربایجان مافی تەواوی خۆیەتی رێکاری وەڵامدانەوەی گونجاو بگرێتە بەر، لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەری خاکەکەی.