ئەردۆغان سەرکۆنەی هێرشی سەر ئازەربایجان دەکات

ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان ئەنجامدا و سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ناخچیڤانی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر هەرێمی ناخچیڤان.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردوو سەرۆک هێرشەکەی سەر کۆماری ئۆتۆنۆمی ناخچیڤانیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە درۆنییەکان، پەیامی هاوخەمی بۆ گەلی ئازەربایجان دەربڕی.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنڕاوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانە دەکەین کە کراونەتە سەر کۆماری  ناخچیڤان، پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بەو هێرشانە بهێنرێت کە وڵاتانی سێیەم دەکەنە ئامانج و مەترسیی پەرەسەندنی جەنگ زیاد دەکەن. تورکیا وەک هەمیشە، لەمەودواش لە تەنیشت ئازەربایجان دەوەستێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە،5ـی ئاداری 2026،  حکوومەتی ئازەربایجان ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئاراستەی ناو خاکی وڵاتەکەی کردووە، کە بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.

لەسەر ئەو ڕووداوە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باکۆی پایتەخت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجانەوە بانگهێشت کراوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە درۆنەکان لە فڕۆکەخانەیەکی هەرێمی "ناخچیڤان" لە نزیک سنوورەکانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا درۆنی دووەم لە نزیک قوتابخانەیەک کەوتووە.