دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئەبوزەبی بیستران

چەند تەقینەوەیەکی بەهێز شاری ئەبوزەبی ئیماراتی هەژاند و حکوومەتی وڵاتەکەش رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی داوەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەشێک لە دانیشتووانی ئەبوزەبی بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئەبوزەبی بیستراوە، بەڵام  دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە رایانگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی داوەتەوە.

ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتی نائاسایی نیشتمانی ئیمارات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە "بەرگریی ئاسمانی لە ئامادەیی بەردەوامە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی مووشەکی".

هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی ئیمارات دەکات، کە لە شوێنێکی سەلامەت و پارێزراودا بمێننەوە و تا بڵاوکردنەوەی ئاگادارکردنەوەی نوێ و دڵنیایی پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن.