قەتەر چوارەم نامەی ناڕەزایی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەنێرێت

دەوحەی پایتەخت دوای هێرشی مووشەکی ئێران
دەوحەی پایتەخت دوای هێرشی مووشەکی ئێران

قەتەر سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر خاکەکەی چوارەمین نامەی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد و سوپای پاسداران بە ئەنجامدانی کاری تێکدەران دەناسێنێت، هەر لە نامەکەدا هاتووە "قەتەر بە مافی خۆی دەزانێت بە گوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگریی لە سەروەری خاکی قەتەر و بەرژەوەندییەکانی بکات".

قەتەر نامەکەی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و مایکل والتز نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش ناردووە و ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر خاکەکەی دەکات. 

نامەکە لەلایەن عەلیا ئەحمەد بن سەیف ئال سانی، نوێنەری هەمیشەیی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان نووسراوە و تیاندا هاتووە " هێرشەکانی ئێران پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری قەتەرە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و پەرەسەندنێکی قبووڵ نەکراوە، چونکە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات".

ئاماژەیداوە، هێرشەکان بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی خاکی قەتەر، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی قەتەر، تەنیا لە بەرەبەیانی چوارشەممە بە 10 درۆن و دوو مووشەکی کرووز لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدرابوون، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویان شەش درۆن تێکبشکێنن، هەروەها هێزی ئاسمانی شانشینی قەتەر توانیان دوو درۆن و مووشەکێک تێكشکێنن، هەروەها هێزی دەریایی شانشینی توانیویانە دوو درۆنەکەی دیکە تێکشکێنن.

هەروەها بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ئێران بە دوو مووشەکی بالیستی هێرشی کردەوە سەر قەتەر، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانی یەکێک لە مووشەکەکان بخاتە خوارەوە، 

دوو مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێرشکرایە سەر دەوڵەتی قەتەر سیستەمی بەرگری ئاسمانی بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە یەکێک لە مووشەکەکان کرا، بەڵام مووشەکی دووەم بنکەی عەدیدی قەتەری کردە ئامانج، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

هەر لە نامەکەدا روونیکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، کۆمپانیای وزەی قەتەر رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیانێکی گەورەی ماددی لە راگرتنی بەرهەمهێنانی گازی شڵ و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە تۆمارکراوە.

هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، لێکۆڵینەوە و سزادانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووە و بە ئەنجامدانی کاری تێکدەران ناوی بردووە و رایگەیاندووە، بە گوێرەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر بە مافی خۆ دەزانێت بەرگریی لە سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکات.