وەزیری جەنگیی ئەمریکا: ئێران لەم جەنگەدا براوە نابێت

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)

وەزیری جەنگیی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا دەنگۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەی لە ئاسمانی عێراق رەت کردەوە و هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەش سەربازی ئەمەریکی کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا گیانیان لەدەستداوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر دەکرێن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە و هێزەکانیان ئاستێکی بەرزیان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان نیشان داوە.

هێگسێت سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی ئەمریکی دەکەن لە عێراق، گوتی: "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە کە باس لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێمە دەکەن لە عێراق؛ ئەوەی سوپای پاسداران بڵاوی دەکاتەوە دوورە لە راستییەوە."

وەزیری جەنگ، ئاماژەی بە قوربانییانی سوپای وڵاتەکەی دا و گوتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەش سەربازە دەکەین کە گیانیان لە دەستداوە، ئێمە شانازییان پێوە دەکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێگسێت جەختی لە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند: "بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبین، کاتژمێر دوای کاتژمێر سەرکەوتنی زیاتر تۆمار دەکەین و بازنەی هێرشەکانمان فراوانتر دەکەین."

ناوبراو هۆشداریدا کە "ئێران براوەی ئەم جەنگە نابێت و هەموو هەنگاوەکانیان هەڵەیە"، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هیچ کەمکوڕییەک لە پێداویستییە جەنگییەکانیاندا نییە و توانای سەربازییان لە ناوچەکە بۆ بەدەستهێنانی تەواوی ئامانجەکان زیاد کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.