ترەمپ: توانا سەربازییەکانی ئێرانمان بە تەواوی لەنێو بردووە
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێستا تەواوی سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران کوژراون، هەروەها توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتەمان بە تەواوی لەنێو بردووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 6ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: دوێنێ ئۆپراسیۆنێکی بەهێزمان بۆ سەر ئێران ئەنجام دا، هیچ بژاردەیەکمان نییە ئەگەر هێرش نەکەینە سەر ئێران، ئەوا ئەوان هێرشمان دەکەنە سەر.
سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، "لە ماوەکانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی جەنگەکە بە تەواویی بە دیار دەکەویت، ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی سەلامەتیی هاووڵاتییان بپارێزین و بازاڕەکانی جیهانیش سەقامگیر بکەین."
هەر لە بارەی ئێرانەوە، ئاماژەی بەوە دا، ئێستا تەواوی سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە کوژراون، توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان بە تەواوی لەنێو بردووە.
ترەمپ، دەڵێت: ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە بۆ گەلی ئێران تاوەکوو راپەڕین بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان و وڵاتەکەیان رزگار بکەن.
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەش، کە شانبەشانی وڵاتانی کەنداو دژی هەڕەشەکانی ئێران دەوەستنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە تەواوی دیپلۆماتکارانی ئێران لە دەرەوەی وڵات کرد، کە هاوکاریی واشنتن بکەن، بۆ ئەوەی وڵاتێکی جوان لە ئێران بنیات بنێنەوە تا داهاتوویەکی زۆر باشی هەبێت.
ترەمپ بە گەشبینییەوە گوتی: داهاتوویەکی زۆر باش چاوەڕێی گەلی ئێران دەکات. جەختی لەوە کردەوە، چاویان لەوەیە ئێرانی نوێ نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.