ترەمپ: هێرش و بۆردومانە چڕەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن
لە دانپێدانانێکی دەگمەندا، ترەمپ رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە رابردوودا "لە عێراق هەڵەی ئەنجام داوە". دەشڵێت: هێرش و بۆردومانە چڕەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC)ـی ئەمەریکی، دیدگای خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی ئێران خستە ڕوو و رایگەیاند، خوازیاری ئەوەیە کەسێک سەرکردایەتیی ئێران بکات کە "خاوەن لێهاتوویی" بێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "کەسانێک هەن پێم وایە دەتوانن کارێکی باش لە ئێران ئەنجام بدەن."
سەبارەت بە توانای بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و نیگەرانیی شارەزایانی ستراتیژی لە ئەگەری کەمبوونەوەی چەک، ترەمپ دڵنیایی دا کە ئەمریکا خاوەنی "بڕێکی یەکجار زۆر لە تەقەمەنی و چەک"ـە کە لە سەرتاسەری جیهاندا کۆگا کراون.
ترەمپ گوتی: هێرش و بۆردومانە چڕەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن. دەشڵێت: "خاوەنی بڕێکی هێندە زۆرین لە تەقەمەنی کە خەڵکی درکی پێ ناکەن، ئەمەش رێگەمان دەدات بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەبێ هیچ گرفتێک لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام بین."
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کە پێشتریش بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاماژەی پێ دابوو، روونی کردەوە کە سێ کاندیدی باشی لەبەرچاوە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران.
ترەمپ ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران، ئەگەر سەرکردایەتییە نوێیەکە بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینە.
لە دانپێدانانێکی دەگمەندا، ترەمپ رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە رابردوودا "لە عێراق هەڵەی ئەنجام داوە". سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە "هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەی چاو بە کارکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی ئێراندا بگێڕینەوە."
ترەمپ تەنانەت دەرگای دانوستانی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئێستای ئێرانیش دانەخست و گوتی: "کراوەم بە رووی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەوانەی لە رژێمی ئێستا دەمێننەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر هەن خوازیاری ئەو پۆستەن و هەندێکیان زۆر لێهاتوون."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.