واشنتن نزیکەی 20 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاندووەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاندووەتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و سیستمێکی تایبەتیشیان بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکییەکان لە 5 وڵاتی ناوچەکە و ئیسرائیل کارا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە: "لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 20 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵات"؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ژمارەیە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە چوونەتە وڵاتانی دیکە یان هێشتا لە رێگەی گەڕانەوەدان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بە رێنمایی مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەست کراوە بە تەرخانکردنی گەشتی ئاسمانیی تایبەت (چارتهر) و دابینکردنی ئامرازی گواستنەوەی وشکانی، راشیانگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە لە پەرەسەندندایە و گەشتی زیاتر رێکدەخرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە مۆدێلێکی تایبەتیان بۆ حاڵەتە نائاساییەکان (Emergency Model) بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لە وڵاتانی (کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، سعوودیە و ئیسرائیل) دروست کردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە رێگەی ئەم سیستمە نوێیەوە هاووڵاتییانی ئەمریکی لەو وڵاتانە زانیاریی راستەوخۆیان پێدەگات دەربارەی بژاردەکانی گەشتی ئاسمانی و گواستنەوەی وشکانی. تیمی وەزارەتی دەرەوەش کە 24 کاتژمێر کار دەکەن، تاوەکو ئێستا هاوکارییان پێشکەشی زیاتر لە 10 هەزار ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات کردووە، کە پێدانی رێنمایی ئەمنی و ئاسانکاری گەشت لەخۆ دەگرێت.