هێڵی ئاسمانیی قەتەر: ئاسمانی وڵات ئارام نەبێت گەشتەکان دەستپێناکەنەوە
هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی کە لە شەممەی رابردووەوە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکردووە، گەشتە ئاسمانییەکانیان بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026، کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر لە بەیاننامەیەکیدا لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویکردەوە: "بەهۆی بەردەوامیی داخستنی ئاسمانی دەوڵەتی قەتەر، هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر بەردەوام دەبێت لە راگرتنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکانی."
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر کاتێک دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی قەتەر بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکە بدات، ئەوا دەستبەجێ دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە تیمەکانیان 24 کاتژمێر کار دەکەن بۆ رێکخستنی گەشتی فریاگوزاریی زیادە ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو بێت.
هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر داوای لە گەشتیاران کردووە، تاوەکو بە فەرمی لە لایەن کۆمپانیاکەوە ئاگادار نەکرێنەوە لە پشتڕاستکردنەوەی گەشتەکانیان، روو لە فڕۆکەخانە نەکەن.
لە شەممەی رابردووەوە، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی قەتەر بڕیاری راگرتنی کاتیی هاتوچۆی ئاسمانی دا. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە نێویشیاندا قەتەر، رووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەکیی ئێران بوونەتەوە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی تاران بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.