حکوومەتی ئیندۆنیزیا هەوڵی گەڕاندنەوەی 329 هاووڵاتیی ئیندۆنیزی لە ئێرانەوە دەدات
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی ئاسمانی ناوچەکە، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە گواستنەوەی دەیان هاووڵاتیی خۆی لە ئێرانەوە.
هێنی حەمیدە، بەرپرسی کاروباری هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات، لە جاکارتا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: "پڕۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئیندۆنیزیا لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی قۆناخبەند دەستیپێکردووە و قۆناخی یەکەم لە رێگەی وڵاتی ئازەربایجانەوە جێبەجێ دەکرێت."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت یەکەم گرووپی هاووڵاتییان کە لە 32 کەس پێکدێن، رۆژی دووشەممە یان سێشەممە بگەنە جاکارتا. راشیگەیاند کە رێڕەوەکانی گواستنەوە بەگوێرەی بارودۆخی مەیدانی دیاری دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، پرابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ ئەوەی رۆڵی نێوەندگیریی لەم ململانێیەدا بگێڕێت، بەڵام محەممەد بروجێردی، باڵیۆزی ئێران لە ئیندۆنیزیا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە تاران گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە ناکات کە "دوژمنایەتییان بەرانبەر نواندوون".
وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا ئاشکرای کردووە کە نزیکەی نیو ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەیان لە وڵاتانی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشتەجێن، بەڵام ئێستا تەنیا پلانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ئێرانەوە داناوە.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشە بەرپەرچدەرەوەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بوونەتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و گەمارۆدرانی دەیان هەزار هاووڵاتیی بیانی. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 329 هاووڵاتیی ئیندۆنیزی لە ئێرانن، کە زۆربەیان قوتابین لە شاری قوم.