وەزیری وزەی ئەمریکا: بەرزبوونەوەی نرخی وزە کاتی دەبێت
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کاریگەرییەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران لەسەر بازاڕە جیهانییەکانی وزە کاتی و سنووردار دەبن، سەرەڕای ئەو پەککەوتن و ئاڵۆزییانەی کە بەرۆکی هەناردەی نەوت و غازیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە.
رایت لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: هێشتا بڕی پێویستی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەیە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکاش لە ئاستێکی پێوانەییدایە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ ئەو شۆکەی ئێستا لە بازاڕەکاندا دروست بووە.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی رەنگە کاتی بێت و جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، ئەوەی ئێستاش روودەدات تەنیا کۆسپێکە لەسەر رێگاکە.
رایت جەختی کردەوە، کە داخستنی گەرووی هورمز کاتی دەبێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بەهەمانشێوە دەبێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، کە نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهان لەوێوە دەگوازرێتەوە.