لەندەن؛ چوار کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکران
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکردووە، کە گومانیان لێدەکرێت چاودێریی چەند شوێن و کەسایەتییەکی سەر بە پێکهاتەی جوویان لە شاری لەندەن کردبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، پۆلیسی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ، چوار پیاویان لە ناوچەکانی "بارنێت" لە باکووری لەندەن و شارۆچکەی "واتفۆرد" دەستگیرکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان رەگەزنامەی ئێرانی هەیە و سێ کەسەکەی دیکەش خاوەنی هەردوو رەگەزنامەی بەریتانی-ئێرانیین.
هێلین فلانگان، فەرماندە لە پۆلیسی میترۆپۆلیتانی لەندەن رایگەیاند، ئەم دەستگیرکردنە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن کە لەسەر چالاکییە گوماناوییەکان ئەنجام دراوە. دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 55 ساڵدایە، هەروەها شەش کەسی دیکەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تۆمەتبارەکان لە هەمان ئۆپەراسیۆندا دەستگیرکراون.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، دامەزراوە هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە چەندین ساڵە هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی بەریتانیا. هاوکات وڵاتی ئوسترالیاش بە هەمان شێوە چەندین هێرشی دژ بە جووەکان لە وڵاتەکەی بۆ سەر تاران گەڕاندووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران لە ئاستێکی باڵادایە و چاودێرانیش وەک بەشێک لە ململانێیە ناوچەییەکان دەیناسێنن.