وەزیری بەرگریی بەریتانیا: بەدووری نازانین بەشداریی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بکەین
وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدووری نازانێت بەشداری لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بکات و جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم رێکارەکانیان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بۆ بەرگریکردنە لە خۆیان.
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026، جۆن هەیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی ئێستا لە دژی تاران دەیگرنە بەر، رێکاری بەرگریکردنە لە خۆیان. راشیگەیاند: "ئەم رێکارانە یاسایین و بە هەماهەنگییەکی ورد لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان جێبەجێیان دەکەین."
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی راستەوخۆی وڵاتەکەی لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی بەریتانیا راشکاوانە گوتی: "بەدووری نازانم لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەشداری بکەین،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی لەندەن بۆ هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی نوێ لە ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە کاتێکدایە، پێشتر تاران هۆشدارییەکی توندی دابووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایگەیاندبوو، هەر وڵاتێک بە هەر شێوەیەک هاوکاری یان بەشداری لە هێرشەکان بۆ سەر خاکەکەی بکات، بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەک لایەنێکی ناو جەنگەکە هەژمار دەکرێت و دەبێتە ئامانجی سوپای ئێران و بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.