بەریتانیا چوار فڕۆکەی جەنگی بۆ پاراستنی کەنداو دەنێرێت

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شای بەحرین، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران، چوار فڕۆکەی جەنگییان ڕەوانەی قەتەر کردووە و پێشنیازی کردووە لەوێشەوە پارێزگاری لە ئاسمانی بەحرین بکەن؛ شای بەحرینیش وێڕای پێشوازیکردن لەم دەستپێشخەرییە سەربازییە، ڕەزامەندیی نیشان داوە.

هەینی 6ـی ئاداری 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و حەمەد بن عیسا خالیف شای بەحرین بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هاتووە، بەمەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی کەنداو لە درۆن و مووشەکەکانی ئێران، بەریتانیا چوار فڕۆکەی جەنگی بۆ قەتەر دابین کردووە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت: ستارمەر بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی بەحرین ئۆفەرێکی پێشکەش بە شای بەحرین کردووە بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی پێشکەش قەتەری کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە شای بەحرین پێشوازی لە ئۆفەرەکەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر کردووە و لەسەر پێکهێنانی تیمێک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕێکەوتوون