بەریتانیا: ئەگەری بەشداریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران بەدوور نازانین

وەزیری بەرگری بەریتانیا، ئاماژەی بە ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران کرد و رایگەیاند، لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان، لەندەن ئامادەیە شێوازی کاردانەوەکانی بگۆڕێت.

هەینی 6ـی ئاداری 2026، جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز)ـی بەریتانی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ قوبرس گوتی: "لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی هەر ململانێیەک، پێویستە ئامادەبیت بۆ گونجاندنی ئەو رێکارانەی دەیانگریتە بەر"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بەریتانیا بژاردەی بەشداریکردن لە هێرش کردنە سەر ئێران بە دوور نازانێت.

سەبارەت بە ئامادەکارییە سەربازییەکانیش، وەزیری بەرگری بەریتانیا، ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی خەریکی بەهێزکردنی تواناکانیەتی لە ناوچەکەدا، گوتیشی: "ئێمە هێلیکۆپتەری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی درۆنمان رەوانەی ناوچەکە کردووە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتووشدا کەشتییەکی جەنگیی تێکشکێنەر کە بە مۆدێرنترین سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوە کراوە، دەگاتە ناوچەکە."

جۆن هیڵی جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پلاندانەرە سەربازییە باڵاکانی بەریتانیا کار لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، یۆنان، قەتەر، ئوردن و قوبرس دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی و هەوڵەکان.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا تا ئێستا فڕۆکە بەریتانییەکان بەشدارییان لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووە، وەزیری بەرگری گوتی: "هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا ناومانن خاسیەتێکی بەرگرییانە و یاساییان هەبووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بووە"، بەڵام جەختی کردەوە، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بەردەوام دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست.