سێنتکۆم: ئێران هێرشی کردووەتە سەر 12 وڵات و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای دەکات، شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئێران بە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی بەحرەین، ڕاشیدەگەیەنێت کە ئێران تا ئێستا 12 وڵاتی جیاوازی کردووەتە ئامانج و بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر خەڵکی بێتاوان

هەینی 6ی ئاداری 2026، بڕاد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا وردەکاریی هێرشێکی نوێی ئێرانی بۆ سەر وڵاتی بەحرەین ئاشکرا کرد.

کوپەر ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو، هێزەکانی ئێران حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ناوچە مەدەنی و گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی بەحرەین کردووە.

فەرماندەکەی سێنتکۆم بە توندی ئیدانەی کردەوەکەی کرد و ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران تا ئێستا هێرشی کردووەتە سەر 12 وڵاتی جیاواز.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکدا، کوپەر هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: ئەم کارە قبووڵکراو نییە و بێ وەڵام نابێت.

فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە هەرێمایەتییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی خەڵکی بێتاوان لە ناوچەکەدا.