مێدڤێدێڤ بۆ وڵاتانی کەنداو: ئەمەریکا ئێوە بەکاردەهێنێت و تەنیا بەرگری لە یەک وڵات دەکات

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، لە پەیامێکی تونددا هۆشداری دەداتە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کە بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکەکەیان، نەک هەر پارێزگارییان لێ ناکات، بەڵکوو دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەریان.

هەینی 6ی ئاداری 2026، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کرد سەبارەت بە میوانداریکردنی بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

مێدڤێدێڤ نووسیویەتی: وڵاتانی عەرەبیی کەنداو رێگەیان داوە بە جێگیرکردنی بنکەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکەکەیان و بە شێوەیەکی ساویلکانە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکردن کە پارێزگارییان لێ بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی رووسیا بە توندی رەتی دەکاتەوە کە ئەمەریکا پارێزگاری لەو وڵاتانە بکات و دەڵێت: "نەخێر! ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنیا ئەو وڵاتانە بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا تەنیا پارێزگاری لە یەک وڵات دەکات.

مێدڤێدێڤ پەیامەکەیدا داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیاندا بکەن و دەڵێت: پێویستە بە قووڵی و بۆ ماوەیەکی درێژ بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا بەڕاستی پێویستتان بە بنکەکانی ئەمەریکایە؟ چونکە ئەو بنکانە پارێزگاریتان لێ ناکەن، بەڵکوو هەڕەشەن بۆ سەرتان.