وەزارەتی بەرگریی کوەیت: بەرپەرچی 14 مووشەک و 12 درۆنی ئێرانمان دایەوە
وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکە شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێرانی تێکشکاندووە. وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە زیانەکان تەنیا ماددی بوون و ئامادەیی تەواویان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات هەیە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە، دوێنێ بەرپەرچی شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
وەزارەتەکە روونی کردەوە، "بەرگرییە ئاسمانییەکانی کوەیت توانیویانە (12) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوور و ناوەڕاستی وڵات و (14) مووشەک لە باشووری وڵات تێکبشکێنن، هەروەها دوو مووشەکیش لە دەرەوەی ناوچەی مەترسیدار کەوتوونەتە خوارەوە
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.