ئەمریکا بە بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل پەسەند دەکات

(وێنە؛ ئەرشیف کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا)
(وێنە؛ ئەرشیف کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا)

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی رەزامەندی نیشان دا لەسەر فرۆشتنی بارێکی گەورەی تەقەمەنی و چەک بە ئیسرائیل کە بەهاکەی 151.8ملیۆن دۆلارە. ئەم بڕیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ پێداچوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوە، ئیسرائیل داوای کڕینی 12 هەزار بۆمبی جۆری (BLU-110A/B)ی کردووە، کە بۆمبی گشتین و کێشی هەریەکێکیان دەگاتە هەزار پاوەند. تێچووی گشتیی ئەم تەقەمەنییانە و پشتیوانییە لۆجستییەکانی دیکەی پەیوەست بە گرێبەستەکە، بە زیاتر لە 151 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەسەڵاتی نائاسایی خۆی بەکارهێناوە بۆ تێپەڕاندنی مەرجی پێداچوونەوەی کۆنگرێس.

روبیۆ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی "دۆخێکی نائاسایی" لە ئارادایە وا دەخوازێت ئەم چەکانە دەستبەجێ رەوانەی ئیسرائیل بکرێن.

وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادایە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ بەڕێوەبەری گەورە کۆمپانیاکانی چەکداری وڵاتەکە هات.

ترەمپ رایگەیاند؛ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان ئەنجامداوە و لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (Lockheed Martin, Boeing, Raytheon, Northrop Grumman, BAE Systems, Honeywell, L3 Harris) گەیشتوونەتە رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی چەکە وردبینەکان (Precision Weapons) بۆ چوار هێندە زیاد دەکرێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا ئێستا لە ناو ململانێیەکی سەربازیدایە لەگەڵ ئێران، هەر بۆیە پێداویستییەکی بێسنووری بەو چەکانە هەیە کە لەو شەڕەدا بەکاردەهێنرێن. بڕیاریشە دوو مانگی دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکەی هاوشێوە بۆ بەدواداچوونی ئاستی بەرهەمهێنان ئەنجام بدرێت.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزی ئەمنیدایە و گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و تەلئەڤیڤ گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.