لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا 82 درۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئایاری 2026، سوپای ئێران لە راگەیەندراوی ژمارە 16ـی خۆیدا رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تا ئێستا، توانیویانە 82 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بخەنە خوارەوە.
سەبارەت بە وردەکارییەکان، سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لەلایەن تۆڕی یەکگرتووی بنکەی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنراون، فڕۆکەکان لە جۆرەکانی (MQ-9، (Hermes) و(Orbiter) بوون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا روونیشکراوەتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن یەکە مووشەکییەکان و تۆپخانەکانی هێزی پیادە و بەرگریی ئاسمانیی هەردوو سوپای ئێران و سوپای پاسدارانەوە خراونەتە خوارەوە، ئەم پرۆسەیە لەژێر سەرپەرشتی و فەرماندەیی بنکەی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانی، لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا، رۆژئاوا و باشووری وڵاتەکە، هەروەها لە ئاسمانی شارەکانی ئیسفەهان، کرمان و تاران ئەنجام دراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جارێکی دیکە جەخت کراوەتەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تا کاتی دەرکردنی ئەم راگەیەندراوە، کۆی گشتیی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی سوپا و پاسدارانەوە تێکشکێنراون، گەیشتووەتە 82 فڕۆکە.
شەپۆلی 25ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینە 4"
هەر ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، شەپۆلی 25ـی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینە 4" ئەنجامداوە. لەم شەپۆلەدا لە رێگەی هەڵمەتێکی فراوانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، چەندین بنکەی سەربازی و ناوەندی پاڵپشتیی ئەمریکی و ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، "شەپۆلی 25ـی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راستەقینە 4)، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنیدا جێبەجێ کراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگایەندراوەکەدا هاتووە، سوپای پاسداران وردەکاریی زیاتری لەبارەی چەکی بەکارهاتوو لە هێرشەکاندا ئاشکرا کردووە و دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە بنکە سەربازییەکان و ناوەندەکانی پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکی - ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی هەردوو جۆری مووشەکی وردپێک و ستراتیژیی 'فەتاح و عیماد'.