ترەمپ: 42 کەشتیی جەنگی و هێزی ئاسمانیی ئێرانمان لەنێو بردووە

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی ئێران بەردەوام دەبن و ئاشکرای کرد، لە ماوەی سێ رۆژدا 42 کەشتیی جەنگیی ئێرانمان لەنێو بردووە، هێزی ئاسمانی و تۆڕی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەشمان لەنێو بردووە، جەختیشی کردەوە کە ئامانج لەم هێرشانە رێگریکردنە لە دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.

شەممە، 7ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی بەڕێوەچوونی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی لاتین لە فلۆریدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خستەڕوو و بە "سەرکەوتوو" وەسفی کردن.

ترەمپ ڕایگەیاند: "ئێمە ناچار بووین هێزە سەربازییە بەهێزەکەمان بەکار بهێنین، چونکە هیچ سوپایەک لە جیهاندا نییە هێندەی سوپای ئێمە بەهێز و پڕچەک بێت". ئاماژەی بەوەش دا، کە ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچن و ئەنجامی گەورەیان بە دەست هێناوە.

سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد: "لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا، هێزەکانمان توانیویانە 42 کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئێران تێکبشکێنن و لەناوی ببەن".

هەروەها روونی کردەوە، کە جگە لە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانیی ئێران و تەواوی تۆڕی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج و لەنێو براون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ پاساوی هێرشەکانی بۆ سەر تاران روون کردەوە و گوتی: "دەبوایە ئەم کارەمان بکردایە و هێرشمان بکردایەتە سەر ئێران، چونکە ئەگەر دەستپێشخەریمان نەکردایە، ئەوا دەبوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکانیان راناوەستن و بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تەواوی ئامانجەکانیان دەپێکن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.