قەتەر: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکمان بە هیچ پاساوێک قبوڵکراو نییە

سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئێران کە خاکی قەتەریان کردووەتە ئامانج  لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا قبوڵکراو نین.

شەممە 7ـی ئاداری 2026، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر گوتویەتی،" ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان ئەنجامی دەدات لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک قبوڵکرا نییە".

لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی و ناوچەیی کردووە، هەروەها تاوتوێی رێگاکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بە شێوازی ئاشتییانە کرد.

سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی هەمیشە هەوڵی داوە خۆی لە ململانێ ناوچەییەکان بەدوور بگرێت و وەک نێوەندگیرێک بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ لە نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کار بکات.

هەروەها جەختی لە پێویستی راگرتنی دەستبەجێی ئاڵۆزییەکان کردووەتەوە، هاوکات داوای گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بەکارهێنانی زمانی ژیری و دانایی کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان بە جۆرێک کە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی میسر داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەنابردنە بەر دیپلۆماسی و دانوستان کردووە، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر بەدوور بێت.