کاتز بۆ سەرۆکی لوبنان: بجوڵێن پێش ئەوەی ئێمە هەنگاوی زیاتر بنێین

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد کار بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا بکەن و حکوومەتی لوبنانی بە بەرپرسیار لە هەر پەرەسەندنێکی ئەگەری دانا.

شەممە 7ـی ئاداری 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەڵێنی دابوو پابەندی رێککەوتنەکە بێت و چەکی حیزبوڵڵا دابماڵێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووی نەداوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: "پێویستە بجوڵێن پێش ئەوەی ئێمە هەنگاوی زیاتر بنێین، ئەگەر نا، حکوومەت و گەلی لوبنان باجەکەی بە تەواوی دەدەن."

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە رۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی حزبوڵڵا بە چەندین مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، لە هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران لە چوارچێوەی ئەو جەنگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت.