ئێران: 192 قوتابی و مامۆستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون

وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئامارێکی مەترسیداری لەبارەی کاریگەریی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی پەروەردە بڵاو کردەوە و رایگەیاند، سەدان قوتابی و مامۆستا بوونەتە قوربانی و زیان بە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەش گەیشتووە.

شەممە، 7ـی ئاداری 2026، وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کەرتی پەروەردە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا 192 قوتابی و مامۆستا کوژراون و 154ـی دیکەش برینداربوون. هەروەها ئاماژە بەوە دا، کە هێرشەکان بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە 66 قوتابخانە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.