ناتانیاهۆ: نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە زنجیرەیەک لێدوانی توند، هۆشداری دەداتە سوپای پاسداران و حکوومەتی لوبنان، هاوکات بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێرانیان کردووە و دەشڵێت: لە جەنگەکەمان بەردەوام دەبین تاوەکوو سەرکەوتن بە دەست دەهێنین

شەممە 7ی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: هەر ئەندامێکی سوپای پاسداران چەکەکەی دابنێت، هیچ زیانێکی پێ ناگات و پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەوەی ملکەچ نەکات خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی. هەروەها جەختی کردەوە کە ئەو پاسدارانەی دەستیان سوورە بە خوێنی خۆپیشاندەران، لە لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدان.

سەبارەت بە هاووڵاتییانی ئێرانیش، ناتانیاهۆ گوتی: ساتی راستی و حەقیقەت نزیک بووەتەوە. رزگاربوون لە چەقی ستەمکاری بەندە بە ئیرادەی ئێوەوە. ئەگەر راپەڕن، ئەو ڕۆژە دوور نابێت کە ئیسرائیل و ئێران بگەڕێنەوە بۆ دۆستایەتییەکی بوێرانە

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد، "کۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی ئێرانیان کردووە، عەلی خامنەیی و دەیان فەرماندەی باڵای ئێرانیان لەنێوبردووە و سەکۆکانی مووشەک و درۆنەکانمان وێران کردووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدایە حکوومەتی لوبنان و رایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی لوبنان بەرپرسیارێتی هەڵنەگرێت و چەکی حزبوڵڵا دانەماڵێت، ئەوا لێکەوتەی کارەساتبار و دەرەنجامی سەخت چاوەڕێی لوبنان دەکات.

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە پڕۆسەکەیان بەردەوامە بۆ "گۆڕینی روخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و تا بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواوەتی بە هەموو هێزێکەوە لە جەنگ بەردەوام دەبن.