ترەمپ: نامەوێت زیان بە کورد بگات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەشتێکیدا بەرەو فلۆریدا، لەناو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتی (Air Force One) لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان دا و وردەکارییەکانی جەنگی دژی ئێرانی خستەڕوو،
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، سەبارەت بەوەی ئایا کورد دەبنە بەشێک لە هێرشە زەمینییەکان یان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دروست دەکەن، ترەمپ بە روونی گوتی: من بڕیارمداوە کورد بەشدار نەبن. ئێمە دۆستایەتییەکی باشمان لەگەڵ کورد هەیە، بەڵام نامەوێت بچنە ناو شەڕێکەوە و بە هۆییەوە زیانیان پێ بگات یان بکوژرێن. نامانەوێت شەڕەکە لەوەی هەیە ئاڵۆزتر بکەین.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا نەخشەی ئێران دوای ئەم شەڕە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟، ترەمپ وەڵامی دایەوە: پێموانییە، بە ئەگەری زۆرەوە نەخشەکە وەک خۆی نامێنێتەوە.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە زنجیرەی فەرمانڕەوایەتی ئێرانیان هەڵوەشاندووەتەوە: ئێمە ئاستی یەکەمی سەرکردایەتیمان لەناوبرد، دواتر ئاستی دووەمیشمان پاککردەوە، ئێستا ئەوان لەسەر ئاستی سێیەم و چوارەمن و کەسانێک سەرکردایەتی دەکەن کە کەس نایانناسێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەدوای رێککەوتن یان دانوستانەوە نین و گوتی: ئەوان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئێمە نامانەوێت.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی بنکە ئەتۆمییەکان، ترەمپ گوتی: تا ئێستا هێرشمان نەکردووەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا ئەوە بکەین.هەروەها سەبارەت بە هێزی پیادە گوتی: سوپاکەیان ئەوەندە وێران بووە کە ڕەنگە پێویست بە هێزی پیادە نەکات، ئەگەر پێویستیش بکات بۆ هۆکاری زۆر باش دەبێت.
ترەمپ ئاماژەشی دا، کە هێزە دەریاییەکانی ئێرانیان بە تەواوی سڕیوەتەوە و گوتی: کەشتیگەلی ئێران ئێستا لە بنی دەریادان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جەنگە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام بەڵێنی دا دوای لەناوبردنی ئەو شێرپەنجە گەورەیە، نرخەکان بە خێرایی دابەزن.
لە پرسیاری ئەوەی ئایا دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێراندا دەکەن گوتی: بەڵێ. ناچار نین هەموو پێنج یان دە ساڵ جارێک بگەڕێینەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ئێمە دەمانەوێت سەرۆکێک هەڵبژێرین کە وڵاتەکە بەرەو شەڕ نەبات.
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگەکە، ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا بە خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج رازی دەبێت. بە شێوازێکی گاڵتەئامێزیش گوتی: رەنگە کەسیش نەمابێت خۆی بەدەستەوە بدات، چونکە سەرکردایەتییەکەیانمان چەندین جار لەناوبردووە و سوپاکەیانمان بێکاریگەر کردووە.
رۆژنامەنووسێک پرسیاری ئاراستەی ترەمپ کرد سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچانی لە باشووری ئێران بۆردومان کردووە و 175 کەسی کوشتووە؟ ترەمپ رەتیکردەوە و گوتی: بەپێی زانیارییەکانم ئێران خۆی ئەو کارەی کردووە، چونکە ئەوان ئامانجیان مەدەنییەکانە و مووشەکەکانیان ورد نین.
سەبارەت بە ناردنی هێزی پیادە (زەمینی)، ترەمپ وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەدایەوە، بەڵام گوتی سوپای ئێران ئەوەندە وێران بووە کە توانای شەڕی زەمینی نەماوە. هەروەها دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئاماژەی بەوەکرد کە جارێ هێرشیان نەکردووەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا ئەوە رووبدات
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت، رێگە بە فرۆشتنی بڕێک نەوتی رووسیا بە هندستان دەدات و رەتیکردەوە کە هیچ بەڵگەیەک هەبێت رووسیا هاوکاری ئێران بکات لەم جەنگەدا.