سێنتکۆم دەنگۆی بەدیلگرتنی سەربازانی ئەمریکی رەت دەکاتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم )، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە بەدیلگرتنی سەربازانی ئەمریکی، و ئەو لێدوانانەی بە چەواشەکاری و ناڕاست ناوبرد.
شەممە 7ی ئاداری 2026، دوای ئەوە عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پۆستێکدا رایگەیاندبوو، راپۆرتی پێگەیشتووە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی کەوتوونەتە دەست هێزەکانی ئێران. لاریجانی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی راستییەکان دەشارێتەوە و بە ئەنقەست ژمارەی کوژراوەکانی کەم دەکاتەوە و دواتر بە پاساوی جۆراوجۆری وەک رووداوی کتوپڕ ئاشکرایان دەکات.
لە بەرانبەردا، تیم هوکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم، ڕایگەیاند: ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و تەمومژاوی کردنی راستییەکان، ئەمەش نموونەیەکی تری روونی ئەو چەواشەکارییەیە. دووپاتیشی کردەوە کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لای ئێران دیل نییە.
سنتکۆم باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەوەستن بۆ دابینکردنی پاراستن لە دژی هێرشەکانی ئێران.
هەروەها ڕاشیگەیاند: ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بنکە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام بە ئەنقەست فڕۆکەخانە مەدەنییەکان، هۆتێلەکان و گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان دەکاتە ئامانج.