سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: تاوەکوو مستەفا سەنەدی داوای لێبوردوون نەکات بەشداریی دانیشتنەکان ناکات

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سزای پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەنەد دەدات و بەشداریکردنی لە دانیشتنەکان لێ قەدەغە دەکات تاوەکوو داوای لێبوردن دەکات.

بەگوێرەی فەرمانێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ژمارە (42)ی هەڵگرتووە و لە ڕێکەوتی 7ی ئاداری 2026 دەرچووە، هۆکاری سزاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو ڕێچکەی دانیشتنی تێک داوە و سووکایەتی بە یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان کردووە، کە سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانی و گەشەپێدانە (کوتلة الأعمار والتنمیة).

سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو بڕیاری لە دژی ئەو پەرلەمانتارە دەرکردووە، ئەویش بێبەشکردنی مستەفا سەنەد لە کارەکانی ئەنجوومەن و ڕێگری لێکردنی لە چوونی بۆ ناو بینای پەرلەمان، تا ئەو کاتەی داوای لێبوردنی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەو پەرلەمانتارە دەکات کە دەستدرێژی کراوەتە سەر.

هەروەها ڕەوانەکردنی دۆسیەی مستەفا سەنەد بۆ لیژنەی ڕەفتاری نیابی بەهۆی ئەوەی کارەکەی بە پێشێلکاری گەورەی بنەماکانی ڕەفتاری نیابی هەژمار کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دانیشتی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکان لە دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و دروشمی مردن بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیلیان دە گووتەوە.