سوپای ئیسرائیل: فەرماندە باڵاکانی هێزی قودسمان لە بەیرووت کردە ئامانج
یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کەمێک پێش ئێستا لە ئۆپەراسیۆنێکی ورد و ئامانجداردا لە بەیرووت، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی لوبنانی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو فەرماندە باڵایانەی هێزی قودس کاریان کردووە بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پلان دژی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی لە خاکی لوبنانەوە، ئەوەش هاوتەریب لەگەڵ چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، فەیلەقی لوبنان وەک پردی پەیوەندی و بەستەر لە نێوان حزبوڵڵا و تاران کار دەکات و دەزگایەکە پاڵپشتی لە پڕچەککردن و بەهێزکردنی حزبوڵڵا دەکات.
سوپای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە ناوچە مەدەنییەکانی ئێران و لوبنان چالاکی دەکات و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دانیشتووان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی ئامانجە تیرۆریستییەکانی.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە پێش هێرشەکە، چەندین رێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی بە مەدەنییەکان، لەوانە بەکارهێنانی چەکی وردبین و چاودێری ئاسمانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای ئیسرائیل ڕێگە بە جێگیربوونی هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران نادات لە خاکی لوبنان و بەردەوام دەبێت لە تیرۆرکردنی فەرماندەکانیان لە هەر شوێنێک بن.