ترەمپ پێشوازی لە تەرمی شەش سەربازی ئەمریکی کە لەجەنگی رۆژهەڵاتی ناوەراست کوژراون دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بنکەی هێزی ئاسمانیی "دۆڤەر" لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات، سەرپەرشتی مەراسیمی گەڕانەوەی تەرمی شەش سەربازی ئەمریکی کرد، لە ئەنجامی جەنگ لەگەڵ ئێران گیانیان لەدەستداوە.

ترەمپ بە کڵاوێکی سپی و سڵاوی سەربازییەوە ئامادەی مەراسیمەکە بوو، کە لەسەر کڵاوەکەی بە ڕەنگی زێڕین وشەی "USA" نووسرابوو.

ئەو شەش سەربازەی کە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان (ئەمریکا - ئیسرائیل) دژی ئێران کوژراون، سەربازی یەدەگ بوون و لە بنکەیەکی سەربازی لە وڵاتی کوەیت جێگیرکرابوون. ئەم سەربازانە سەر بە فەرماندەیی 103ـی پاڵپشتی بوون بنکە سەرەکییەکەیان لە شاری "دێسمۆین"ە لە ویلایەتی ئایۆوا.

بەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، کاتژمێر 9:00 بەیانی، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.