بە  درۆن هێرش کرایە سەر تانکەکانی سووتەمەنی فڕۆکەخانەی کوەیت

وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەتەوە و تانکەکانی سووتەمەنی کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی کوەیت لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە و رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، مامەڵەیان لەگەڵ شەپۆلێکی درۆنی دوژمن کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەوە."

لە بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە "تانکەکانی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ لێدان لە ژێرخانی گرنگی وڵات هەژمار دەکرێت."

وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ـی ئادارەوە هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و توانیویانە رێگری لە چەندین هێرش بکەن. تا ئێستا 7 درۆن لە ناوچەکانی باکوور و باشووری کوەیت تێکشکێنراون هەروەها سیستەمی بەرگریی ئاسمانی مامەڵەی لەگەڵ موشەکی بالیستی و کروز کردووە و تا ئێستا زیانەکان تەنیا ماددین و بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەک و درۆنەکانەوە بووە.

لە لایەکی دیکەوە، پاسەوانی نیشتمانی کوەیت رایگەیاند؛ هێزەکانیان درۆنیان لەو ناوچانەی لەژێر بەرپرسیارێتی ئەواندایە خستووەتە خوارەوە. جەختیان کردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و شوێنە ستراتیژییەکانی وڵات.

دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە ناوچە جیاوازەکانی کوەیت بیستراون، بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی، دەرئەنجامی چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ تێکشکاندنی ئامانجە دوژمنکارییەکان لە ئاسماندا.