قەتەر: بە 12 مووشەکی ئێرانی هێرش کراوەتە سەرمان

وەزارەتی بەرگریی قەتەر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری رایگەیاند؛ وڵاتەکەیان بەرەوڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراوە.

وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە: "رۆژی شەممە، دەوڵەتی قەتەر بە 10مووشەکی بالیستیک و 2 مووشەکی کروز لە لایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر."

سەبارەت بە شێوازی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، وەزارەتەکە رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان بە سەرکەوتوویی رێگرییان لە 6 مووشەکی بالیستیک کردووە. هەروەها 2 مووشەکی بالیستیک لە ئاوە هەرێمییەکانی قەتەر و 2 مووشەکی دیکەش لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە. هاوکات هێزەکانمان توانیویانە هەر دوو مووشەکە کروزەکەش تێکبشکێنن."

وەزارەتی بەرگریی جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی قەتەر خاوەنی توانا و سەرچاوەی تەواون بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و خاکەکەی، هەروەها بە بڕیارێکی توندەوە رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دووپاتی کردەوە، ئەو هێرشانەی ئێران کە خاکی قەتەری کردۆتە ئامانج، "بە هیچ پاساو و بیانوویەک قبوڵ ناکرێت."

ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیران لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات کە لە لایەن بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسرەوە پێی گەیشتبوو. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، لەو پەیوەندییەدا باس لە پەرەسەندنی دۆخی سەربازیی ناوچەکە و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی کرا، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر رێگاکانی چارەسەری ئاشتییانە.

سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هەمیشە هەوڵی داوە لە ململانێ ناوچەییەکان دووربکەوێتەوە و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات. ناوبراو جەختی لە پێویستی راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان کردەوە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی میسر داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەکارهێنانی عەقڵ و پەنابردن بۆ ئامرازە دیپلۆماسییەکان کرد، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە گرژی و ئاژاوەی زیاتر بەدوور بێت.