ئاکسیۆس: ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو ئێران دەکەن

تۆڕی هەواڵی "ئاکسیۆس" وردەکاریی لەبارەی پلانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی بەرنامەی ئەتۆمی و ئابووریی ئێران ئاشکرا دەکات، کە ناردنی هێزی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هەردوو وڵات لە ئاستێکی باڵادا تاوتوێی بژاردەی سەربازیی راستەوخۆیان لەناو خاکی ئێراندا کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان ناردنی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بووە بۆ ناو ئێران، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کۆگایانەی کە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویان تێدا هەڵگیراوە. ئامانج لەم کارە رێگریکردنە لەوەی ئێران ئەو یۆرانیۆمە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یۆرانیۆمە دەستبەسەرداگیراوەکە، دوو بژاردەی لێکۆڵیوەتەوە، گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوەی خاکی ئێران. هەروەها هێنانی شارەزایانی ئەتۆمی بۆ ناو کۆگاکان تاوەکو لەوێدا یۆرانیۆمەکە شل بکەنەوە و مەترسییەکەی بێبایەخ بکەن.

ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی بەرگریی ئیسرائیلەوە گواستوویەتیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و تیمە نوێیەکەی، بە جددییەوە کار لەسەر بژاردەی سەربازی دەکەن. ئاماژە بەوە دراوە کە تیمی ترەمپ بیر لە ناردنی یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دەکەنەوە بۆ ناو ئێران بە مەبەستی جێبەجێکردنی "ئەرکی دیاریکراو و هەستیار" ئامانج لێی پەکخستنی تواناکانی تارانە.

جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، لایەنی ئابووریش بەشێک بووە لە پلانەکان. بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، یەکێک لە بژاردە پێشنیارکراوەکان، دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خەرگ بووە لە کەنداو.

دوورگەی خەرگ گرنگییەکی ستراتیژیی بێوێنەی بۆ تاران هەیە، چونکە نزیکەی 90%ی کۆی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رێگەی تێرمیناڵەکانی ئەو دوورگەیەوە ئەنجام دەدرێت. دەستبەسەرداگرتنی ئەم دوورگەیە بە واتای وشککردنی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئێران و پەکخستنی تەواوی ئابووریی ئەو وڵاتە دێت.

 گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و چاودێرانیش پێیان وایە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، لەوانەیە شێوازی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە دیپلۆماسییەوە بۆ فشارە سەربازییە توندەکان بگۆڕێت.