ئیمارات بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی دەداتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی مووشەکی و درۆن بووەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون.
وەزارەتەکە روونیکردەوە ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بیستراون، دەرئەنجامی تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە جەنگییەکانیش بەشدارییان کردووە لە رێگریکردن و خستنەخوارەوەی درۆن و فڕۆکە گەڕۆکەکان.
بەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، کاتژمێر 9:00 بەیانی، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.