قالیباف: بەردەوامیی جەنگ رێگری لە هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوت دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی توند دەدات لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی جەنگ و ڕایدەگەیەنێت کە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ناوچەکەدا. هاوکات لەگەڵ پێشبینییەکانی پەرلەمانی ئێران بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 200 دۆلار، داتاکانی گەشتی دەریایی دەریدەخەن کە کۆمپانیا جیهانییەکان خۆیان لە تێپەڕین بە گەرووی هورمز دەپارێزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پلاتفۆڕمی ئێکس سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامیی جەنگ لە ناوچەکەدا هۆشداری دا و رایگەیاند، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی وەستانی تەواوەتی فرۆشتنی نەوت و پەککەوتنی بەرهەمهێنان.
قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی فراوانبوونی بازنەی رووبەڕووبوونەوەکانەوە، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان فرۆشتنی نەوت یان تەنانەت پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ئێرانیش سەخت دەکات"، هەروەها تیشکی خستە سەر هەڵوێستەکانی ئەمریکا و گوتی، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر جەختی لەوە دەکردەوە کە نرخی نەوت زۆر بەرز نابێتەوە، بەڵام دوای ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی لە بازاڕەکان روویدا، ئێستا قسە لەسەر ئەنجامدانی دەستکاریی دەکات."
هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە هەڵگیرساندنی گرژی لە ناوچەکەدا تۆمەتباری کرد، باسی لەوەشکرد، ئەو دۆخەی ئێستا دروست بووە، تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵکو زیانێکی گەورە بە وڵاتانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش دەگەیەنێت.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی، دوێنێ شەممە، ئەندامێکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران پێشبینی کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکاندا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی بەخۆیەوە ببینێت. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان 150 بۆ 200 دۆلار بەرز ببێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشبینییانەدا، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە؛ تەنیا ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری گواستنەوەی دەریایی بەهۆی مەترسییەکانەوە، خۆیان لە تێپەڕین بەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا دەپارێزن.