ترەمپ: ئێران دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان دەستدرێژییەکانی زیاتر بووە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا، ئێران دەستدرێژییەکانی زیاتر بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال روونیکردەوە، سەرکردەکانی ئێران دیموکراتەکان بە لاواز و وێرانکەری ئەمریکا دەبینن، جەختیشی کردەوە، رێگە بە روودانی ئەوە نادات.
ترەمپ پێشتر پێشبینی کردبوو دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا - کە کۆمارییەکان تێیدا تووشی شکست بوون - ئێران دەستدرێژکارتر ببێت، روونیشیکردەوە، ئێستا ئەو پێشبینییە روویداوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە درۆن و مووشەکی ئاراستە کردووە، بەڵام ئەمریکا سەرجەم فڕۆکە و مووشەکە ئێرانییەکانی خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە. هاوکات تارانی بە کوشتنی 81 هەزار خۆپیشاندەر تا ئێستا تۆمەتبار کرد.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، ترەمپ روونیکردەوە، نرخی نەوت دابەزینێکی پێوانەیی بەخۆوە بینیوە و دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، واشنتن و تاران بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە، بەڵام ئەو دانوستانانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن.
ئاشکرایکرد، قەتەر رۆڵی نێوەندگیری لەو دانوستانانەدا دەگێڕێت، گوتیشی: "قەتەر پەیامەکان لەنێوان واشنتن و ئێران دەگوازێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستان بۆکراو".