عێراقچی: كەرامەتمان بۆ فرۆشتن نییە و رادەستبوون لە فەرهەنگماندا نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی راشکاوانەی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە شکۆی نەتەوەکەیان بازرگانی پێوە ناکرێت. هاوکات دڵنیایی دا کە دامەزراوە دەستوورییەکانی ئێران بە سەقامگیرییەوە کارەکانیان دەکەن و پڕۆسەی دیاریکردنی رێبەری نوێی وڵات بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوە دەچێت.
یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC)ـی ئەمریکی، ئاشکرای کرد، "ئێستا ئەنجوومەنی کاتیی سەرکردایەتی، بە شێوەیەکی رێک و بێ کێشە ئیدارەی کاروبارەکان ناوخۆی ئێران دەدات و چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجوومەنی شارەزایان رێبەری باڵای نوێ هەڵبژێرێت".
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە پەرلەمان و حکوومەت، ئەرکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی رایی دەکەن.
سەبارەت بە داواکارییەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە رێگەی ئەوەی ناوی لێناوە "رادەستبوونی بێمەرج"، عێراقچی روونی کردەوە، "ئێران توانای بەرگری و خۆڕاگریی خۆی سەلماندووە؛ کەرامەتی گەلی ئێران بۆ دانوستان و فرۆشتن نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستە روو، کە تاران خوازیاری فراوانکردنی بازنەی جەنگ نییە، بەڵام هاوکات هەرگیز مل بۆ ئاگربەستێک نادات کە کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی و گشتگیر بۆ دەستدرێژییەکان مسۆگەر نەکات، بە تایبەت ئەو هێرشانەی ژێرخانی وڵات و هاووڵاتیانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییە، عێراقچی روونی کردەوە، کە مووشەکەکانی ئێران تەنیا "بنکە و دامەزراوە ئەمریکییەکانیان لە خاکی هەندێک وڵاتی دراوسێ کردووەتە ئامانج و خودی دراوسێکانیان نەکردووەتە ئامانج".
هەروەها جەختی کردەوە کە داوای لێبوردنی سەرۆکایەتیی ئێران لە دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی زیانە لاوەکییەکانەوە، "لە سۆنگەی هێز و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بووە بەرامبەر بەو زیانانەی بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکاوە بەر ناوچەکە کەوتوون".
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.