ئەمریکا بە فەرمی کۆتایی بە بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق هێنا

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی بە پرۆسەی کشانەوەیان لەو بنکە سەربازییانەی عێراق دەهێنن کە تاوەکو ئێستا تێیاندا مابوونەوە. بەمەش قۆناخێکی سەربازی کە زیاتر لە دوو دەیەی خایاندووە، کۆتایی پێ دێت. ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە هۆشداری دەدرێت لەوەی بۆشاییەکی ئەمنی لە عێراق دروست ببێت کە رەنگە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی گرووپەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمی و دەرگا بۆ گەڕانەوەی رێکخراوی داعش ئاوەڵا بکات.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورنال بڵاویکردەوە، ئەمریکا هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە دەنێت کە رەخنەگران وەک جەنگی بێکۆتا ناویان دەبرد. ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 23 ساڵ و خەرجکردنی 1.7 تریلیۆن دۆلار دێت، هاوکاتە لەگەڵ داخستنی دوایین بنکەی سەربازیی سەرەکیی ئەمریکا لە عێراق.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە تەممووزی رابردوودا گوتی: "پێمان وانییە چیتر پێویستمان بە بوونی سوپا لەوێ بێت". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵەوانێکی نوێ و نایاب لە عێراق هەیە.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بازرگانێکی تەمەن 41 ساڵە، لەو سەردانەدا مۆڵەتێکی دیاریکردبوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی دێت بۆ ئەوەی گرووپەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمی چەکەکانیان رادەست بکەن. بە گوتەی زەیدی، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەو چەکانە دوای 30ـی ئەیلوول نەماوە.

وۆڵ ستریت جورنال ئاماژەی کردووە، جەنگی کراوەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران عێراق بەرەو ململانێی زیاتر دەبات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، کشانەوەی ئەمریکا وڵاتێک بەجێ دەهێڵێت کە گرووپە چەکدارەکان تێیدا پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن. رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەکداران و هێزەکانی ئێران لە دوو مانگی یەکەمی جەنگدا زیاتر لە 600 هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

رۆیتەرز ئاماژەی کرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو عێراقییەکاندا پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکیان نیگەرانن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و پارەیان بۆ دابین کراوە، هێشتا نەتوانن پارێزگاری لە وڵاتەکە بکەن، بەتایبەت کە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی جەنگدا 4,500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون.

وۆڵ ستریت جورنال رایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەردەوام هۆشداری ئەمنی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی و کەسانی دیکە دەنێرێت، هەندێکیان پەیوەستن بە مەترسیی رفاندن لەلایەن چەکدارانەوە. تیمێکی رۆژنامەکەش ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەغدایان بەجێهێشت، دوای ئەوەی بەرپرسانی عێراقی، ئەمریکی و ئەوروپی ئاگاداریان کردنەوە لە هەڕەشەیەکی ئەمنی کە بەرپرسانی ئەمریکی دواتر رایانگەیاند پەیوەندی بە مەترسیی رفاندنەوە هەبووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جورنال، تاران لەو کاتەوەی ئەمریکا لە شوباتدا هەڵمەتی بۆردومانکردنی ئێرانی دەستپێکرد، پشتیوانیی خۆی بۆ گرووپە چەکدارەکان نوێ کردووەتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هاتنی چەکی سووک، درۆن و مووشەکی کورتهاوێژ لە ئێرانەوە لە سەرەتادا کەم ببووەوە، بەڵام ئەم هاوینە دیسانەوە زیادی کردووە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئەم دواییە مووشەک و درۆنی مەوداداریشیان لەخۆگرتووە، کە نیشانەی گەشەسەندنی پێوانەیی جبەخانەی چەکدارانە.

ئەم مانگە، هێرشێکی درۆن لە عێراقەوە لە نزیک سنووری ئێران کرایە سەر سعوودیە و بووە هۆی داخستنی کاتیی هێڵی بۆڕیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا. هەروەها هێرشەکانی دیکەش زیانیان بە سەنتەرێکی دیپلۆماسی و لۆجستی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا گەیاندووە. جاسم بەهادلی، شرۆڤەکاری عێراقی بە رۆیتەرزی راگەیاند، وانەی وەرگیراو لە دوو دەیەی رابردوو ئەوەیە بۆشایی ئەمنی دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت.

وۆڵ ستریت جورنال ئەوەشی خستووەتەڕوو، عەلی زەیدی کە پێش ئایار هیچ پۆستێکی گشتیی نەبووە، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە وەک کەسێک قبووڵ کراوە، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئیدارەی ترەمپ پشت بە زەیدی دەبەستێت بۆ رادەستکردنی چەکی ئەو گرووپانە کە ژمارەی چەکدارەکانیان بە دەیان هەزار دەخەمڵێنرێت.

لیوا سەعد مەعن، گوتەبێژی سوپای عێراق رایگەیاند، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەست کردووە و ئەوانی دیکەش پلانیان بۆ ئەوە هەیە، لە کاتێکدا زەیدی و جێگرەکانی ئێستا باسی دواخستنی وادەی رادەستکردنی چەک بۆ ساڵی داهاتوو دەکەن.

هێزەکانی ئەمریکا ساڵی 2003 عێراقیان داگیر کرد و حکوومەتێکیان بە رابەرایەتیی هێزە شیعەکان دانا. ئەمریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێک جەنگی دژی نەیارانیان کرد، سەرەتا دژی لایەنگرانی سەدام حوسێن و دواتر دژی رێکخراوی قاعیدە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2011 کشانەوە. دوای کەمتر لە سێ ساڵ، هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە بۆ یارمەتیدانی هێزە عێراقییەکان لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە جەنگێکی گەورەدا کە لە 2014 تا 2017ی خایاند.

لە "پرۆسەی ئازادیی عێراق"دا نزیکەی دوو هێندەی ئەو ژمارە ئەمریکییە کوژران کە لە جەنگی هاوتەریب لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا، ئەو جەنگەی بە کشانەوەی چاوەڕواننەکراوی ئەمریکا لە 2021 کۆتایی هات. لە جەنگی ئەمساڵی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، لە عێراق 7 سەربازی ئەمریکی لە کۆی 18 سەرباز کوژراون. دواینیان سەربازێک بوو بە پلەی سێرجێنت لە تەممووزی رابردوودا لە کاتی تەقینەوەی درۆن لە بنکەیەک لە نزیک هەولێر گیانی لەدەستدا.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کرد، ئێران کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە سەرکەوتن بۆ ئەوەی ناوی دەنێت بەرەی مەقاوەمی دەزانێت. ئەحمەد یوونس، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا گوتی: "ئەوەی جێگەی نیگەرانییە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران نییە، بەڵکو ئەوەیە هاوپەیمانانی تاران لە نەبوونی بوونی سەربازیی رۆژئاوا، هەست بە دەسەڵاتێکی زیاتر بکەن و هەوڵ بدەن رۆڵی خۆیان لە سیاسەتی دەوڵەتدا فراوان بکەن و پێگەی خۆیان لە نێو دامەزراوە سەرەکییەکاندا قووڵتر بکەنەوە".

هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەڵێن؛ کشانەوەی ئەمریکا مەترسیی ئەوەی تێدایە دەرفەتی نوێ بە چەکدارانی داعش بدات بۆ چالاکبوونەوە، چونکە هێشتا تۆڕێکی شانەی نوستوویان هەیە. لە لووتکەی دەسەڵاتیدا، رێکخراوەکە یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو و هەزاران کەسی کوشت، لەنێویاندا سەدان کەس کە لەلایەن چەکدارەکانی خۆیەوە لەنێو بنکەیەکی سەربازیی پێشووی ئەمریکادا لە سێدارە درابوون.

پێشتر هێزەکانی ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی یەکلاکەرەوەیان لەسەر جووڵەکانی داعش و هەروەها چاودێریی ئاسمانی و زانیاریی ئاسمانییان پێشکەش بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکرد. محەممەد جبووری، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی سوپای عێراق گوتی: "گرنگترین پرسیار ئێستا ئەوەیە ئاخۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق پلانی جێگرەوەی گونجاویان بۆ قۆناخی دوای هاوپەیمانی هەیە یان نا". جبووری گوتیشی؛ لە خراپترین سیناریۆکاندا ئەگەری هەیە رێکخراوەکە دەستی بگات بە درۆنی چەکدار، لە کاتێکدا عێراق هێشتا توانای بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییانەی ئەو هەڕەشانە.