ترەمپ: ئێران لە ململانێکەدا دۆڕاوە و ناچارە خۆی بەدەستەوە بدات
قەتەر لە نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران بێ ئومێد دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دڵنیا نییە کە ئایا ئێران لە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا خۆی بەدەستەوە دەدات یان نا، بەڵام جەختیکردەوە کە تاران لە کۆتاییدا ناچار دەبێت خۆی بەدەستەوە بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "نازانم ئایا هێشتا خۆیان بەدەستەوە دەدەن، بەڵام خۆیان بەدەستەوە دەدەن". ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ترەمپەوە گواستییەوە، ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لە ململانێکەدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەکسیۆس-یان راگەیاند، ئەو هەوڵانەی ئەم هەفتەیە لەلایەن قەتەرەوە بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی دیپلۆماتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دراون، هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە. هەردوو لا پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانیان دەکەن و سازشکردن رەت دەکەنەوە. دوو سەرچاوە جەختیانکردەوە، بەرپرسانی قەتەر بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، بەڵام بێ ئومێدییەکی زۆر لەبارەی هەڵوێستی هەردوولا لای ئەوان دروست بووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕێی وەڵامی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە پێشنیازی کردنەوەی گەرووی هورمز. عەراقچی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "نێوەندگیری قەتەر چەند بیرۆکەیەکیان خستووەتە روو، ئێمەش لەگەڵیاندا تاوتوێمان کردوون و بڕیارە بابەتەکە جارێکی دیکە بۆ لایەنی ئەمریکی بخەنەوە روو و دواتر وەڵامی کۆتایی ئەمریکا بۆ ئێمە دەگوازنەوە".
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، عێراقچی کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، گوتی قەتەرییەکان هیوادارن ئەو وەڵامە بە زووترین کات بگاتە دەستیان. عێراقچی ئێوارەی دووشەممە ئاشکرایکرد، چاوی بە نێوەندگیری قەتەر کەوتووە و جەختیکردەوە، مەرج هەن دەبێت جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بکرێتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاند، ترەمپ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کۆتاییدا سزا لەسەر ئێران سووک بکات و دەست بەسەر داراییە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەدا بگرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی تاران پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی ئەتۆمیدا نیشان بدات. ترەمپ بە خێرایی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە، ئەو هەواڵانە بێ بنەما و نادروستن.