ترەمپ: دەبێت ئێران بۆ دانانی رێبەری نوێ رەزامەندی ئێمە وەربگرێت

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، پێویستە رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران رەزامەندی واشنتن بەدەستبهێنێت بۆ مانەوە لە پۆستەکەیدا.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ABC)ی ئەمریکی، گوتویەتی: "پێویستە رێبەری نوێی ئێران رەزامەندی ئێمە وەربگرێت، ئەگەر رەزامەندی ئێمە بەدەست نەهێنێت، ئەوا مانەوەی لە پۆستەکەیدا زۆر ناخایەنێت".

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیەوێت کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت کە 10 ساڵ جارێک پێویست بکات پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئێراندا بکرێت و گوتی: "نامەوێت خەڵک دوای پێنج ساڵی تر بگەڕێنەوە و هەمان شت دووبارە بکەنەوە، یان لەوەش خراپتر، رێگەیان پێ بدرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و واشنتن جەخت لەسەر رێگریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران رایانگەیاند، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی رێبەرێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامی وەک جێگرەوەی عەلی خامنەیی.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە عەلی خامنەیی لە یەکەم رۆژی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتدا کوژرا.

 بەگوێرەی گوتەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی رێبەرە نوێیەکە بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.